بەڵێ پێغەمبەر ﷺ یانزە هاوسەری هەبووە
یەکێک لەو گومانانەی کە سیکۆلار و مولحیدەکان بڵاوی دەکەنەوە ئەوەیە کە پێغەمبەر ﷺ بۆچی یانزە هاوسەری هەبووە ! ، دەڵێن [ پێغەمبەرەکەتان شەهوانی بووە ! ] ، پەنا بەخوا .
له وەڵامی ئەمەدا دەڵێین :
یەکەم ئافرەت پێغەمبەر ﷺ هاوسەرگیری لەگەڵی کرد [خدیجة بنت خويلد] بوو ڕەزای خوای لێبێت ، ئەمەش لەسەر داوای خۆی کە لەو کاتەشدا تەمەنی ٤۰ ساڵ بوو ، لە بەرامبەردا تەمەنی پێغەمبەر ﷺ ۲۵ ساڵ بوو ، وە پێشتریش دوو جار مێردی کردبوو بە [هند بن النباش] و [عتیق بن عابد] .
دەپرسین گەنجێکی تەمەن ۲۵ ساڵ بەچی شەهوەتێک ئافرەتێکی تەمەن ٤۰ی دەوێت کە دوو جاریش مێردی کردووە !؟ .
دووەم ئافرەت کە پێغەمبەر ﷺ هاوسەرگیری لەگەڵی کردووە [سودﺓ بنت زمعة] بووە ڕەزای خوای لێبێت ، ئەمیش پێش ئەوەی پێغەمبەر ﷺ مارەی بکات هاوسەری [سکران بن عمرو] بووە ، کە لە حەبەشە گەڕایەوە مێردەکەی مرد و بنەماڵەکەی زۆر خراپ و توندبوون لەگەڵی چونکە بێ باوەڕ بوون ، هەربۆیە پێغەمبەر ﷺ هاوسەرگیری لەگەڵی کرد بۆ ئەوەی بیپارێزێت لێیان ، جا ئەوکات خاتوو سودﺓ تەمەنی ۵۵ ساڵ بوو .
دەپرسین گەنجێک بە چی شەهوەتێکەوە ئافرەتێکی تەمەن ۵۵ ساڵی دەوێت !؟ ، کە بنەماڵەکەشی هەوڵی گرتن و لەناوبردنی بدەن ! .
سێیەم ئافرەت کە پێغەمبەر ﷺ هاوسەرگیری لەگەڵی کردبێت [عائشة بنت أبي بكر] بووە ڕەزای خوایان لێبێت ، خاتووە عائشە تاکە هاوسەری پێغەمبەری خوایە کە به گەنجێتی مارەی کردبێت ، ئەویش لە تەمەنی نۆ ساڵی خواستوویەتی ئەمەش لەسەر فەرمانی خوای باڵادەست .
یەکێکی تر لە خێزانەکانی [حفصة بنت عمر] بووە ڕەزای خوایان لێبێت ، پێش ئەوەی هاوسەری پێغەمبەر ﷺ بێت هاوسەری [خنیس بن حذافة] بووە ڕەزای خوای لێبێت ، لە پاش ئەوەی [خنیس] شەهیدا کرا پێغەمبەر ﷺ هاوسەرگیری لەگەڵ کرد .
بۆ خراپه کەسێک بێوەژنێک بخوازێت و خزمەتی بکات و ماڵ و سامان و دارایی و خۆشەویستی خۆی پێ بدات ؟ .
یەکێکی تر [زینب بنت خزیمة] بوو رەزای خوای لێبێت ، ئەمیش پێشتر هاوسەری [عبیدﺓ بن الحارث] بووە ڕەزای خوای لێبێت کە لە جەنگی بەدەر شەهید کراو ، پاشان پێغەمبەر ﷺ مارەی [زینب بنت خزیمة] بڕی کە ئەوکات تەمەنی ۳۳ ساڵ بوو ، وە تەنها ۸ مانگ لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ مایەوە و پاشان وەفاتی کرد .
یەکێکی تر [هند بنت أبي أمية] ڕەزای خوای لێبێت ئەمیش پێشتر هاوسەری [ابو سلمة] بووە ، لە پاش ئەوەی [ابو سلمة]ی مێردی وەفات دەکەت ڕەزای خوای لێبێت ، پێغەمبەر ﷺ مارەی دەکات کە ئەوکات تەمەنی نزیکەی ۳۱ ساڵ دەبێت .
یەکێکی تر [زینب بنت جحش] ڕەزای خوای لێبێت ئەمیش هاوسەری [زید بن حارثة] بووە ، پاشان کە [زید] تەڵاقی دەدات بە فەرمانی خوای گەورە پێغەمبەر ﷺ هاوسەرگیری لەگەڵی دەکات .
یەکێکی تر [جویریة بنت الحارث] بووە ڕەزای خوای لێبێت ، پێشتر هاوسەری [مسافع بن صفوان] بوو ، لە غەزوی [بني المصطلق] بە کەنیزەک گیرا و پاشان کە هەوڵی خۆڕزگارکردن دەکات دەچێت بۆلای پێغەمبەر ﷺ و داوای یارمەتی لێ دەکات و پێغەمبەر ﷺیش ئازادی دەکات و مارەی دەکات .
یەکێکی تر [میمونة بنت الحارث] بووە ڕەزای خوای لێبێت ، پێشتر هاوسەری [مسعود بن عمرو] و پاشان [ابو رهم] بووە ، دایکە [میمونة] خۆی پێشکەشی پێغەمبەر ﷺ کردووه کە مێردی پێ بکات .
یەکێکی تر [صفیة بنت حيي بن اخطب] بوو ڕەزای خوای لێبێت له جەنگی خەیبەردا گیرابوو ، جا پێغەمبەر ﷺ سەرپشکی کرد ئایا لەسەر جولەکەیەتی خۆی دەمێنیت یان دەبێت بە موسڵمان و بەوەش دەیکات به هاوسەری خۆی ، ئەویش ئیسلامەتی هەڵبژارد و بوو بە هاوسەری پێغەمبەری خوا ﷺ .
یەکێکی تر [رملة بنت ابي سفیان] بوو ڕەزای خوای لێبێت ، هاوسەری [عبیدالله بن جحش] بووە پێشتر ، کاتێک مێردەکەی لە ئیسلام هەڵگڕایەوە لەیەک جیابوونەوە و پێغەمبەر ﷺ مارەی کرد .
هەموو هاوسەرەکانی پێغەمبەر ﷺ بێوەژن بوون و پێشتر مێردیان کردبوو تەنها دایکە عائیشە نەبێت ، کەچی مولحیدێکی عەقڵ نزم و سیکۆلارێکی بێ عەقڵ دێت و دەڵێت پێغەمبەری ئیسلام شەهوانی بووە !!! .
پێغەمبەر ﷺ ئەو ئافرەتانەی لەخۆ گرتووە و ماڵ و سامان و جێگە و پێگە و خۆشەویستی پێ بەخشیون بە خۆیان و منداڵیانەوە ، وە بەخێوی کردوون ، ئایا ئەو کارە باشە یان وەکو ئەو مولحید و سیکۆلاره گەمژانە دەیڵێن [ ئافرەتان بۆ خۆیان بچن بژێوی ژیانی خۆیان دەربکەن و بە ئازادانه جەستەیان بفرۆشن بە هەرکەسێک خۆیان دەیانەوێت !!! ] ... کامیان باشە ئەی ژیرمەندان ؟؟.